دەوڵەت - State

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-25-19:51:00 - کۆدی بابەت: 1583
دەوڵەت - State

ناوه‌ڕۆك

دەوڵەت - الدولة - State

وەک وشە بەپێی سەرجەم فەرهەنگەکان لە status هاتووە، ئەوەش لە (ستان)ی ئارییەکان هاتووە وەرگەڕاوە بۆ ستات بە مانای زێد (زێدی باب و باپران = شوێنی باب و باپیران) هاتووە، وەک وشەش (ستان) لە زمانی ئاری ڕۆژهەڵات بە مانای وڵات و هەرێم هاتووە، دوای (state) مانای (پایە)ی وەرگرت، لە دوای سەدەی (١٢) بووە ((پایەی دەسەڵات))، لە دوای سەدەی (١٤) بە دەسەڵاتی باڵای مەملەکەت دەوترا دەوڵەت، بە زمانی ئەڵمانی ئێستاش ئەو مانایەی ماوە، لە فەڕەنسیش بە (Etat) هاتووە، بەڵام دیسان ئەو فەرهەنگانەش بە زۆری لە ژێر واقیعی جیهانی سەدەی ١٩-٢٠ کەوتنە ژێر کاریگەری ئەوروپی، ئەگینا پێش ئەوانە دەوڵەت و حکومەت بەو مانایەی ئێستای زیاتریش لە قورئان هاتووە، وەک ڕێسا ئەوەی ئیجابیە چ وەک ناو چ ناوەڕۆکی ڕەسەنی ئاینی هەیە.
  دەوڵەت باڵاترین و گرنگترین دەزگای سیاسیە بۆ بەڕێوەبردن و ڕێکختنی کاروباری تاک و کۆمەڵ، ئێستاش بە هەموو ئەو وڵاتە سەربەخۆیانە دەوترێ دەوڵەت، هەندێکیان بچووک وەک (ذەوڵەتی ڤاتیکان) کە ڕووبەری ١/٢ کم دووجا، ڕووسیاش ١٨ ملیۆن کم دووجا، هەر مانای دەوڵەتە (هەروەک د.ترابی) دەڵێ: مانای ئیمپراتۆریەت و خەلافەت و شآهنشاهی و دار السلام و دار العهد .. دەگرێتەوە، لە دوای سەدەی (١٩) و وەرچەرخانی ئیمپراتۆریەت بۆ (دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ) چەمکی (دەوڵەت) هاتە جیهانی ئیسلام، بۆیە دەوڵەت تەواو مانای (state) نادا، لە (لسان العرب) و (قاموس المحیط) مانای ئەوسای بە سامان هاتووە، بە مانای (مداولة في الأمر)یش هاتووە، مانایەکی نزیکی تریش (..تداول نصر في الحروب ... یسمی الدولة).
  هەموو شێوە ئیداری و هەڕەمیەک دەگرێتەوە لە مێژوو، پێناسی گشتی ئەوەیە هەر دەسەڵاتێک میللەتێک لەسەر تیلمە زەویەکی سنووردار ڕێکبخا لە ڕوووی ئیداری و سیاسی و سەربازی و بەرگری .. دەوڵەتی پێ دەوترێ، واتە دەوڵەت= = ئومەت + زەوی + یاسا + حکومەت ...، یان بە جۆرێکی تر: قەوارەیەکی سیاسی و یاساییە بۆ خەڵکێکی ڕێکخراو لە نیشتیمانێک دا.
  لە پێناسەیەکی تری گونجاوی (معجم مصطلحات الفنیة والعلمیة) هاتووە: (الدولة هي جمع من الناس مستقرون في اقلیم معیة الحدود و یستقلون بحکم أنفسهم وفق نظام خاص). ئەوە پێناسی باوە، زیاتر گوزارش لە دیفاکتۆی دەوڵەت دەکات نەک فەرمانی رآستەقینیە، لەسەر بنچینەی سەرهەڵدانی توخمەکانی یاسایی دەوڵەت هاتووە کە پاش کەمێکی تر باسی دەکەین.
  هەرچی هەندێ فەرهەنگی باڵاشە لەوانە (موسوعة علم الأجتماع) ناسنامەی دەوڵەت بە یاساکان دەناسێ. (فالدولة هی القانون والقانون هی الدولة) و پەیوەندی دەوڵەت میللەتیش بۆ بەرژەوەندی هێز و یاسا دەگێڕنەوە، ئەوەیان بۆ هەندێک کۆمەڵگە ڕاستە نەک بە گشتی، بەشێکی تر دەوڵەت تەنها بە نەتەوە دەبەستنەوە، لەوانە (قاموس السیاسي) دەڵێ: ((اذا قامت بین أمة سلطة علیا فهي الدولة، أي الأمة رکن الأاولی للدولة)).
  بوونی دەوڵەت بە جمکی لەگەڵ مێژووی مرۆڤ مشت و مڕی لەسەر بووە، بەڵام مسۆگەر شیوەی کۆنی دەسەڵات و دەوڵەت وەک ئێستا نەبووە، ئەفلاتوون دەوڵەتی نمونەیی وەک بەشەکانی لەشی ئادەمیزاد وێنە کردووە (ئەقڵ، ئیرادە، ئارەزوو) لە بەرامبەریش (دەوڵەت، شآ، فەیلەسوفەکان،، سەربازەکان، هاووڵاتی)، لە لایەن ئەرستۆ و ئەفلاتونیش شار مانای دەوڵەتی داوە، ژمارەش بە (٤٠٥٠) خێزان وەک دەوڵەتی نموونەیی قەبڵێندراوە، بەڵام ئێستا دەوڵەت ئەو پەیکەرەیە کە (حکومەت، دەستور، هاوڵاتی، پەرلەمان (شورا)، سەرۆک، دادگا، سوپا، سنورێکی جوگرافی ..) لە خۆ دەگرێ لە ناوەوە، لە دەرەوەش پەیماننامە و بوون بە ئەندام لە (UN) - هەرچەندە ئەوە مەرجێکی هەرە سەرەکیی نییە چونکە دەوڵەتێکی ڕەسەنی وەک سویسرا تا ئەو کاتەش ئەندام نییە لە (UN)، بەڵام دەبی لە ئاستی (شخصیة القانونیة) بێت.
  مەبەستی بنچینەی دەوڵەتیش هەروەک سیاسەت هێنانە دی چاکترین بەختەوەری بۆ زۆرترین کەسە، ئەوەش ئامانجێکی پیرۆزە و لە بنەڕەتدا ئاینیە، واتە دەوڵەتیش ئەرکی بنچینەیی لە ڕووی ڕەوتی مێژوویی وەرگێڕانی فاکتەرە شاقوڵیەکانە بەرەو ئاسۆیی، واتە هەڵوەشاندنەوەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر تاک و وەرگێڕانی بۆ کاریگەریی یاسایی، واتە دەوڵەت سەرچاوەی سەرەکی مەدەنیەتی، بە تایبەتی لەو سەردەمە ئەو بەشە جێبەجێ دەکات، توانیویەتی زۆر کێشەش لەگەڵی چارەسەر بکات بە تایبەتی (مافی هاووڵاتی - دەستوریانە)، بەڵام بۆشاییەکی مەرزن بەجێ دەهێڵی پێی پڕ نابێتەوە، ئەویش ئەوەیە چاوی یاسای هەردەم دیار نییە، چ فاکتەرێکی تر هەیە وا لە تاک بکا یاسا نەبەزێنێ، بەرژەوەندی گشتی بپارێزێ .. ئالێرەدا بیرۆکەی دەوڵەتی بێ عەقیدە شکست دەهێنێ، دەبێ دەوڵەتیش خاوەن ئایدیۆلۆژیا بێ، بتوانێ پەروەردەی خەڵکی وا بکا کە بەرپرسیاری لەسەر شانە، ئەوەش بە دەوڵەتی عەلمانی ناکرێ، تەنها لەو سەردەمە بە دەوڵەتی ئیسلامی دەکرێ، بەڵام هەرچۆنێک بێت شێوەی دەوڵەتی ئێستای ڕۆژئاوا و دەوڵەتانی جیهانی ئیسلامی ئێستا زۆر جیایە، شێوازی ئەوان سەرکەوتووترە بە هەموو پێوانەیەک، واتە ئەو شێوازە دەوڵەتە ئێستا باوی هەیە پێشکەوتنە، بەشێکی گرنگی مەبەستەکانی دەوڵەتی هێناوەتە دی، لە پارێزگاری بەرژەوەندی و بەشە گشتییەکان و هێنانە دی بەختەوەری بۆ زۆرترین خەڵک، ئەوەش ئامانجی ئایینی بۆیە دەوڵەت مەبەستێکی ئاینیە و پیرۆزە بە عەیاری خۆی، بەڵام کە هەڵس و کەوتی مرۆڤێ بێ بەرنامەی تێ کەوت سەلبیاتیشی لەگەڵ دەکەوێ، دەبتە هۆی ستمە و ڕاوەدوونان.. بەو شێوەیە خودی دەوڵەت لە پیویستیەکانە، سەلبی و ئیجابیەکەی ئەکەوێتە سەر (ڕێبازی سیاسیەکەی - کە لە دەستوور ڕەنگ دەداتەوە) وە ( جۆری سەرکردایەتی) کە وڵاتی پێ بەڕێوە دەچێ، ئەگەر دیموکراسیش بێت ئەوا ئەکەوێتە سەر ئەو میللەتە ئاخۆ چ جۆرە دەستوور و سەرۆکایەتیەک هەڵدەبژێرێ، ئەوەش دووبارە دەکەوێتە سەر مەدرەسەی فیکری و سیاسی کە چ جۆرە میللەتێک دروست دەکەن، ئوممەیە یان عەونم، وشیار و مەدەنی ڕەوشتدارن یان پێچەوانە، هەر لێرەش مەدرەسەکان لێک جیا دەبنەوە بە پێی بەرنامەی سیاسیان و چۆنیەتی تێگەیشتنیان بۆ دادگەری و نادادگەری، زۆر شێوەی دەسەڵاتی لێ دروست دەبێت (دیکتاتۆری، سەربازی، تاک ڕەوی، پیوکراتی، دیموکراسی، پادشایی، کۆماری، سۆشیالیستی، نەتەوەیی، شیوعی، ئیسلامی، ..).


سەرچاوەکان



1078 بینین